به‌ ناوی کوردستانی گه‌وره‌ .

 

ح. س. سۆران

soransa@hotmail.com

 

تاران 26/9/2707 ان 2/9/277

توانج : ئا + ماده‌ = ئاماده‌

 

پێاوێکی په‌ک که‌فته ، که‌ پێیان ده‌وت " خله‌‌ گادزراو" و ته‌مه‌نی وه‌ک زه‌رده‌ی ده‌م ئێواران ، هه‌تا ده‌هات له‌ ئاسۆی ژیان دا کاڵ تر ده‌بوه‌وه‌ ‌‌و ره‌نگی ده‌په‌ڕی ، ویستی وه‌سیه‌ت نامه‌ یه‌کی پته‌و بنووسێ ، تا‌ بزانن له‌ پاش نه‌مانی به‌ چ سێوه‌یه‌ک میراته‌که‌ی له‌ نێو ماڵ و منداڵ دا ، به‌ش بکه‌ن و وه‌ک هه‌میشه‌ له‌سه‌ر که‌له‌پوور ، نه‌بێته‌ شه‌ڕه‌ گه‌ڕه‌کی . له‌ به‌ینی خۆمان دا بێ ، ئه‌م وه‌سیه‌ته‌ زۆر به‌ قازانجی " نووره‌ که‌جه‌ڵی " ‌ی ‌ برا‌ی خله‌ ‌ ته‌واو نه‌ ده‌بو ، چون له‌ مێژه‌وه‌ " نووره‌" ‌ و مووره‌ خه‌یاڵیان وا بو ، به‌شی ته‌واو وته‌سه‌ل به‌ خێزان و میراتگره‌ یاساییه‌کانی خله‌ گادزراو نه‌ده‌ن ، بیکه‌نه‌ ‌ وشتر و ئه‌وان بخه‌نه‌ کوڵانی په‌راوێزه‌وه‌ .

 

نووره‌ به‌ڵێنی دابو ،رۆژێکی دیاری کراو ، کاکه‌ خله‌ی به‌رێ بۆ وێنه‌گرخانه‌ ( عه‌ککاسی) یه‌کی باش و وێنه‌یه‌کی زۆر رێک و پێک و رووناکی لێ هه‌ڵ بگرێ ، تا وه‌ک پێویستیه‌کی فه‌رمی ، ‌له‌ سه‌ر په‌ڕوه‌نده‌ی وه‌سیه‌ت نامه‌که‌ی ‌ دایبنێن .

 

چون" نووره‌ که‌چه‌ڵ "، ‌ ‌ ئه‌م کاره‌ی پێ خۆش نه‌بو ، هه‌ر ده‌یخسته‌ دواوه‌ و وه‌ک "هات هاتی رۆم ‌" ، هه‌ "قه‌و‌لی سه‌ر خه‌رمانی " ده‌دا به‌ خله‌ی کاکی . رۆژیک خله‌ زۆر له‌ نووره‌ تووڕه‌ بو و وتی به‌ سه‌ری شێخ ، توش له‌گه‌ڵم نه‌یه‌ی ، من خۆم ده‌چم و وێنه‌ش‌ ده‌خه‌م . ئه‌وه‌نده‌ش ته‌وه‌زه‌ل نیم - هێنده‌م پێ وتی ددانم که‌وت !!!

 

نووره‌ که‌چه‌ڵ ، له‌ ژێر گوشار دا ، له‌گه‌ڵ خله‌ ی کاکی که‌وتنه‌ رێگه‌ و گه‌یشتنه‌ وێنه‌گه‌رخانه‌ . کاتێک خه‌ریکی وێنه‌ گرتن بوون ، بۆ ئه‌وه‌ی نووره‌ کاکه‌ خله‌ ته‌فره‌ بدا و دیسان کاره‌که‌ بخاته‌ دواوه‌ ، له‌ گه‌ڵ وێنه‌گر بوونه‌ هاو ده‌ست و په‌ستا په‌ستا وێنه‌ گر ده‌یوت : مامه‌ خله‌ تۆزێک‌ چه‌نه‌ت به‌رزه‌وه‌که‌ ، ریشت شانه‌ که‌ ، چاوت مه‌ترووکێنه‌ ، تۆسقاڵیک ملت به‌ره‌ به‌ خوزدا ، جامانه‌که‌ت گرێ ده‌ ‌، بزه‌یه‌ک بخه‌ سه‌رلێوان و له‌ گه‌ڵ هه‌ر ‌ده‌نکه‌ فرمانێکیش ، که‌ به‌ خله‌ی هه‌ناسه‌ ساردی ده‌دا ، کابرای وێنه‌ گر به‌ ده‌نگی به‌رز ده‌یوت " ئاماده‌ی !!!؟؟؟؟ ؟ .

 

هێنده‌یان خله‌ چه‌رمه‌سه‌رێ دا و ماندویان کرد ، هه‌ناسه‌ی سوار ببو . وێنه‌گه‌ر دیسان وتی : نه‌ختێ سنگت به‌ره‌ پێشه‌وه، ها ، ها ، ها ... ‌ - ئاماده‌ی ؟ . خله‌ی هه‌ناسه‌ سارد به‌ شه‌که‌تی وه‌ڵامی داوه‌ : " ئاماده‌ی چیم هێنده‌ ماندووتان کردم ، که‌ " ئا " که‌م فه‌وتا ، هه‌ر‌ " ماده" که‌م ماوه‌ !!!

 

بیلامانێ، دو له‌ روی گه‌لی کورد و ئێوه‌ی به‌رێز ، هێنده‌ بۆ ئانجام دانی ماده‌ی 140 یش، به‌ڵێنیان دا و وتیان : " ئاماده‌" بن و ئه‌نجامی ده‌ده‌ین و خه‌ڵکیان ته‌فره‌ دا ، که‌ په‌رژینی قایم بێ ، کوردیش وه‌ک سۆفی خله‌ ، " ئا" که‌ی فه‌وتاوه‌ و هه‌ر ‌" ماده‌"که‌ی ماوه‌ . به‌ڵام هه‌ر چۆن بکه‌ن ، کوردستان هه‌ر کوردستانه‌ و که‌رکووک هه‌میشه‌ دڵی کوردستان بوه‌ ‌ .

 

‌فۆڕموول : ئا + ماده‌ = ئاماده‌