به‌ ناوی کوردستانی گه‌وره‌ .

 

ح. س. سۆران

soransa@hotmail.com

 

تاران 11/9/2707

 

 

خۆزگه‌ كورد ، قه‌ت زیندو نه بێته‌وه‌ ‌ !!!‌؟؟؟

 

ده‌زانم که‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ردێڕه‌ نامۆیه‌ی سه‌ره‌وه‌ ، واقتان وڕ ده‌مێنێ و ده‌ڵێن ئه‌وه‌ چ بۆچوون و خۆزگه‌یه‌کی دزێو ، زبر ‌ و پووچه‌ڵه‌ ؟ . من بۆ خۆشم به‌ر ‌ له‌ راڤه‌کردنی مه‌به‌سته‌که‌م ‌ ، هه‌ر ئه‌و هه‌سته‌م هه‌یه‌ و قێزم له‌و وته‌ گرژه‌ هه‌ڵده‌شێوێ . چون به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خۆزگه‌ ته‌وس و توانجاویه‌‌م ، زۆر جار له‌ به‌ر‌ خۆمه‌وه ‌، وه‌ک مۆنۆلۆگ ، له‌ باتی دۆعای کومه‌یل و فڵان و فیسار ، سروودی " که‌س نه‌ڵێ کورد مردوه" ده‌لێمه‌وه‌ . ‌ ‌

 

جا ئێستا بۆ راڤه‌ و شڕۆڤه‌ کردنی نووسراوه‌ که‌ ، ئه‌م باسه‌تان پێشکه‌ش ده‌که‌م :

 

به‌ داخه‌وه‌ ، ‌ له‌ ته‌وای کوردستانی گه‌وره‌ ، خۆمان گێڵ ده‌که‌ین تا بیرمه‌ند ، زانا ، هونه‌روه‌ر ، نووسه‌ر ، ‌ هۆنه‌ر یا هونه‌رمه‌ندێک ، کۆچی دوایی ده‌کا . قوربان گیان! جا ، له‌ پاش مردنی ،به‌ شان و باڵی دا هه‌ڵ ده‌ڵێین ، تاریفی ده‌که‌ین ، ده‌یناسێنین ، ژیان نامه‌ی ده‌خوێنینه‌وه‌ و ‌ به‌ سیه‌ی پووت وربه‌ی هه‌وشار رێزی لێ ده‌گرین ‌ ، وه‌ک شتێک ‌ پێمان وایه‌ ئه‌و که‌سه‌ هه‌ر نه‌ش بوه ‌و تازه‌ له‌ دایک بوه‌ ، یا به‌ چه‌شنێک زیندو بوه‌ته‌وه‌ . بۆیه‌ وتم "خۆزگه‌ قه‌ت کورد زیندو نه‌بێته‌وه‌" ، واته‌ " قه‌ت کۆچی دوایی نه‌کا" .

 

من حه‌وته‌یه‌ک وه‌ک قوتابیه‌کی هه‌ره‌ پچووک‌ ، له‌ خزمه‌ت ماموه‌ستا هێمن موکوریانی دا بووم ، رێمان که‌وته‌ زۆر شار و دێی کوردستان ، به‌ڵام نه‌که‌س هات به‌ره‌و پیری ماموه‌ستا و نه‌ هیچ رێزێکی وای لێ گیرا ، به‌ڵام ئه‌ز باشانازیه‌وه‌ خزمه‌تم ده‌کرد و جانتا‌که‌م بۆ هه‌ڵ ده‌گرت . ئه‌م شته‌م سه‌باره‌ت به‌ ماموه‌‌ستا حه‌سه‌ن زیره‌ک ، ماموه‌ستا تاهیر تۆفیق ، ماموه‌ستا ئه‌حمه‌د هه‌ردی ، ماموه‌ستا خه‌لیل سه‌دیقی و ده‌یان مرۆڤی مه‌زنی دیکه‌ی کورد‌ ، به‌ چاوی خۆم دیوه‌ ، که‌ ئێستا ته‌واوی خه‌ڵک گیانیان به‌ فیدا ده‌که‌ن ، په‌یکه‌ریان لێ دروست ده‌که‌ن و ئاوات ده‌خوازن که‌ بریا وا زو کۆچی دواییان نه‌کردایه‌ ( زیندو نه‌بوایه‌نه‌ وه‌ ) !!! . به‌ پێی ته‌مه‌ن و ئه‌زموونێک که‌ هه‌مه‌ ، ده‌توانم بلێم، که‌ به‌داخه‌وه‌ زوربه‌ی ئه‌و مرۆڤه‌ هه‌ڵکه‌وتانه‌ ،‌ له‌ ئاتاجی ، پیداویستی و نه‌بوون دا ژیانی پڕ له‌ شانازیان برده‌ سه‌ر . زوربه‌ی به‌ره‌ی پێشوی ناوچه‌ی موکریان ، له‌ بیرمانه‌ ‌ گۆرانی وێژی بێ وێنه‌ی کورد ، که‌ به‌ ده‌گمه‌ن به‌و زوانه‌ وێنه‌ی له‌ نێو کورد دا ده‌بێته‌وه‌ ، له‌ ته‌واوی شار و گونده‌کانی کوردستان تاقه‌ خانویه‌کی کرێی گیر نه‌که‌وتبو ( پێیان نه‌دابو) ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ هاتبو له ‌ قاوه‌خانه‌یه‌کی که‌له‌وای ئاڕه‌فته‌ی نێوان سه‌قز و بانه‌ دا، له‌ ده‌ڤه‌ری که‌لی خان ده‌ژیا !!!

 

وه‌رن ئه‌م ئاکاره‌ ناجوانه‌ مان بگۆڕین ، یانی تا مرۆڤگه‌لی هه‌ڵکه‌وتومان ماون و ده‌ژین ، رێزیان لێ بگرین ، ماندویان بحه‌سێنینه‌وه‌ و قه‌ره‌بوی تێکۆشان و خه‌باتیان بۆ بکه‌ینه‌وه‌ ، ده‌نا پاش مردن کوا ئه‌و به‌ستزمانه‌ به‌هه‌شتیه‌ ، له‌ ژێر ئه‌و گشته‌ خۆڵه‌دا ، ئاگای لێیه‌ی ئێمه‌ چۆن بۆی به ‌په‌رۆشین ‌ ؟ ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر خۆی ئاگای لێ بێ ، سه‌ری سووڕ بمێنێ و بڵێ پیم وایه‌ ‌ لێیان شێوابێ ، ده‌نا من هه‌ر ئه‌و که‌سه‌م، که‌ کاتێ نه‌مردبووم ، ته‌نانه‌ت له‌ گه‌ڕه‌که‌که‌ی خۆمان ، به‌ حاڵه‌ حاڵ ده‌یان ناسیم و هه‌واڵیان ده‌پرسیم ، یا ئه‌گه‌ر ناویشیان بیستبووم گرنگیان پێ نه‌ده‌دا .

 

بۆیه‌ ئه‌ز ده‌لێم ، مرۆڤگه‌لی هه‌ڵکه‌وتوی کورد ، پاش مردن زیندو ده‌بنه‌وه‌ ، جا ئه‌گه‌ر وایه‌ : خۆزگه‌ مرۆڤی هه‌ڵکه‌وتوی كورد ، قه‌ت زیندو نه‌بێته‌وه‌ ‌ !!!‌؟؟؟ .