به‌ ناوی کوردستانی گه‌وره‌

soransa@hotmail.cpm

ح . س . سۆران

 

غه‌زه‌ل :

قوببه‌یی سه‌ر دوندی به‌رزی هه‌ستی ئینسانه‌ غه‌زه‌ل،
کووچه‌ باغی سه‌وزی بیری شاری هه‌ستانه‌ غه‌زه‌ل .
بۆ به‌یانی مافی هۆز و ده‌ربڕینی ده‌رده‌ کورد ،
مه‌ڵهه‌می ناسۆری زامی ده‌ردی کوردانه‌ غه‌زه‌ل .
کانی گه‌نجی مرخی شه‌نگه‌ ، پڕ له‌ په‌نده‌ و فه‌لسه‌فه ‌،
که‌شتی ئه‌فکاری مه‌ندی گۆلی عیڕفانه‌ ‌ غه‌زه‌ل .
کاتی ماتی و ره‌نجه‌ڕۆیی و لانه‌وازی هۆش و له‌ش ،
جه‌وهه‌ری ئێکسیری رۆحه‌ ‌ ، داو و ده‌رمانه‌ ‌ غه‌زه‌ل .
دوای ره‌وێنی هه‌وری توند و هه‌ڵمی بارشتی خه‌یاڵ ،
کۆلکه‌ زێڕینه‌ی هه‌تاوی پاشه‌ بارانه‌ غه‌زه‌ل ‌‌‌.
باڵه‌خانه‌ی شانشینی مێری شازی وێژه‌یه‌ ،
سه‌رگوڵی به‌سته‌ و مه‌قام و شاهی دیوانه‌ غه‌زه‌ل .
به‌رده‌نووسی سنگی خه‌ڵکه‌ ، ره‌نگی فه‌وتانی نیه‌ ،
کۆنه‌شی مزر ‌ و فه‌ریکه‌ ‌ ، ره‌مزی هه‌رمانه‌ غه‌زه‌ل .
بۆ پیاسه‌ی هه‌ستی تاسه‌ و سۆزی ده‌مسازی ئه‌وین ،
خه‌ڵوه‌ت و زه‌نوێر و که‌سکه‌ ، چه‌شنی جێژوانه‌ غه‌زه‌ل .
سه‌مفۆنی وێژه‌ و خه‌یاڵه‌ ‌ ، نۆتی مێڵۆدی به‌یان ‌ ،
سازی ده‌مسازی ئه‌وینه‌ ‌ ، باغی مه‌ستانه‌ غه‌زه‌ل .
رێنوێنی رێی مرۆڤه‌ ‌ بۆ ترۆپه‌ی به‌رزی ژین ،
دوژمنی په‌ستی و دهۆیه‌ ، دژ به‌ وێستانه‌ غه‌زه‌ل .
به‌رهه‌می بۆچوونی وردی ، حه‌زره‌تی نالی و ئه‌ده‌ب ،
ئاڵوباڵوی شاره‌زوور و شاری بۆکانه‌ غه‌زه‌ل .
بۆ وه‌ڵامی زوڵم و زۆر و کێشه‌جاڕی ناحه‌زان،
ئه‌سڵه‌حه‌ی بێ‌ ده‌نگی ده‌ستی مامه‌ سۆرانه‌ غه‌زه‌ل